Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سه‌رۆک له‌گه‌ڵ بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا کۆبووه‌وه‌

2022-05-31T16:31:55.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ سێشەمە، ٣١/٥/٢٠٢٢، به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو ماری پارێ، بەرپرسی ئۆفیسی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا هەردوولا سەبارەت بە دوایین پێشهات و هەوڵە سیاسییەکان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عێراق و هەرێمی کوردستان تێی کەوتووە، بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد هەروەها ئاستەنگەکانی بەردەم پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش خرایە بەرباس.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک وێڕای هەڵوێستەکردن لەسەر دۆخی سیاسی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاک و بێگەردن، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پێویستە ئەم پرۆسەیە بە دامەزراوەیی بکرێت و بە شێوەیەک بێت لە خزمەتی گۆڕانکاری و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی بێت، نەک بەم شێوەیەی ئێستا کە کەموکورتی تێدایە و زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان رەخنە و تێبینیان لەسەری هەیە.

لە درێژەی دیدارەکەدا سەرەڕای گەشبینیی خۆیان بۆ کرانەوە و دۆزینەوەی چارسەری قەیران و ئاستەنگەکان، هەردوولا جەختیان لە گرنگی و بایەخی هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ تەبایی و ڕێککەوتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا.