Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە وەفدێکی پەرلەمانتارانی کەنەدا کرد

2023-09-03T13:16:39.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣/٩/٢٠٢٣، به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە وەفدێکی پەرلەمانتارانی کەنەدا کرد.

لە کۆبوونەوه‌یەکدا، بە وردی هەلومەرجی سیاسیی ناوچەکە بەگشتی، دۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی هەڵبژاردن خرایە بەرباس.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە حکومڕانییەکی دامەزراوەیی و سوپایەکی نیشتمانی کردەوە، هەروەها زیادکردنی سەرچاوەی داهات جگە لە نەوت کە دەبێتە زامنی سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی ماف و مووچە و ژیانی خەڵک و داهاتووی هەرێمی کوردستان.

دواتر بە بایەخەوە باس لە هەموو ئەو هەوڵانە کرا کە نراون بۆ پرسی ئاشتەواییی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و یەکگرتوویی و یەکگوتاریی لایه‌نه‌ کوردستانییه‌کان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.

لە کۆتاییدا هەردوولا هیواخواز بوون پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرفراوانتر بکرێ، هه‌روه‌ها هاوکاری و پشتیوانی و ڕۆڵی کەنەدا لە ڕووبەڕوبوونەوەی داعش بەرز نرخێنرا.