Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسوڵی هۆڵەندا کرد

2023-10-03T15:54:01.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ سێشەممە، ٣/١٠/٢٠٢٣، به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئۆفیسی خۆی لە هەولێر پێشوازی لە یاکۆ بریندز کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبونەوەیەکدا، هەلومەرجی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و پرۆسەی هەڵبژاردن و داهاتووی نەخشەی سیاسیی ناوچەکە و پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، جەخت لە جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا کرایەوە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی نێوان هەردوولا.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک ستایشی کونسوڵی هۆڵەندای کرد کە لە چاوپێکەتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕاشکاوانە دەستی خستۆتە سەر کێشە و گرفت و ئاڵەنگاریییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی پرۆسەی چاکسازی و بەنیشتمانیکردنی دامەزراوەکان و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرده‌وە.

لە کۆتاییی کۆبونەوەکەدا، وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی و هاوکارییەکانی هۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان، هەردوولا هیواخواز بوون پەیوەندییەکانیان بەردەوام و بەرفراوانتر بکرێت.