پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە ٢٣/٥/٢٠٢٢، بهڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بهڕێز ئەتێلا تۆت، کونسوڵی گشتيی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە لە سەرۆکایەتيی هەرێمى كوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، بهڕێز جێگری سەرۆک لەگەڵ بهڕێز کونسوڵی گشتيی هەنگاریا، باسیان لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنيی عيراق و هەرێمی کوردستان و پێشهاتە سیاسیيەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد.
بهڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە هەوڵەکانی سەرۆکایەتيی هەرێمى كوردستان و گرنگیی هەماهەنگی و یەکڕیزيی لایەنە کوردییەکان کردەوە، بە ئامانجی گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان و باشکردنی مووچە و دەستەبەرکردنی ژیانێکی سەقامگیر بۆ هاووڵاتیانی کوردستان.
هەردوولا خوازیار بوون پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاریا بەرفراوانتر بکرێن و هەماهەنگی و هاوکاريی زیاتر لە زۆربەی سێکتەرەکاندا پەرەی پێبدرێت. بهڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی گەلی هەنگارییای کرد، بۆ هاوکاری و یارمەتيی بەردەوامیان لە پاڵپشتيی پێشمەرگە و کردنەوەی خولى ڕاهێنان و مەشق و دابينكردنى کەرەستەی جەنگی لە شەری ڕووبەڕووبونەوەی داعشدا.