Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگرى سه‌رۆك پێشوازى له‌ باليۆزى ڕۆمانيا كرد

2022-06-08T11:16:46.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨/٦/٢٠٢٢، به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری ‏سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە به‌ڕێز ڕەیدیۆ دۆبرێ باڵیۆزی ڕۆمانیا لە ‏عێراق و شاندێكى یاوەری کرد. ‏

لە کۆبونەوەکەدا بارودۆخی سیاسيی عێراق و هەرێمی کوردستان و دۆخی ‏چەقبەستووی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكوومه‌تى عێراق و پرسی ‏هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆدەنگيی نیشتیمانی و بە دامەزراوەییکردن بۆ ‏حکومڕانیەکی دروست، بیروڕایان لەبارەوە ئاڵوگۆڕ کرا. ‏

به‌ڕێز جێگری سەرۆک جەختی له‌ گرنگيی یەکڕیزی و سەروەريی یاسا و ‏بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دوورخستنەوەی دەستی حزب لە حکوومەت کردەوە، بۆ ‏سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی بە ئامانجی کارکردنی نیشتمانی و بیناکردنی ‏حکوومەتی خزمەتگوزار و دامەزراوەیی، لەپێناو دابینکردنی مووچە و ماف و ژیانێکی ‏شایستە بۆ هاووڵاتیان. ‏

هەر لەو کۆبونەوەیەدا باسیان لە هەماهەنگی و لێکگەیشتن و بەرفراوانکردنی ‏پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆمانیا کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی ‏خوێندنی باڵا و بازرگانی و سیستەمی دادوەری و پیشەسازی و گەشەپێدانی ‏هەرێمی کوردستاندا.‏