جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسولی گشتيی تورکیا لە هەولێر کرد

News
- 31 March 2021

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ ‌‌٢٠٢١/٣/٣١، به‌ڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان پێشوازی لە به‌ڕێز هاکان کاراچای، کونسولی گشتيی تورکیا لە هەولێر و شاندێكی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا بره‌ودان به‌ پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان به‌تايبه‌تى لە بواری ئاسایش و ئابووریدا، ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەتى ڕێككه‌وتنى ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شەنگال، بابه‌تى ياسايى بووجه‌ى گشتيى عێراق و پشكى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

له‌باره‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆره‌وه‌، به‌ڕێز جێگری سەرۆک دووپاتى كرده‌وه‌ هێشتا ناوچەکە لە ژێر مەترسییەکانی داعشدایە كه‌ بەردەوام هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامی دەدەن و فرسەت وەردەگرن لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان تێدايه‌، بەتایبەتيش ناوچەكانی ماددەی (١٤٠)، بۆيه‌ پێویستی بە هەماهەنگيی زیاتری هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە هەیە بۆ پاراستن و سەقامگیر بوونی ئاسایش و ئاراميی ناوچەکە.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز کونسولی گشتيی تورکیا لە هەولێر جه‌ختى له‌وه‌ کردەوە ئەوان هەمیشە یارمەتیدەر دەبن لەپێناو سەقامگیريى دۆخی سیاسيی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییه‌كانى داعش کە دەبنە هۆی شێواندنی ئاسایش و ئاراميی ناوچەکە، به‌ڕێز جێگری سەرۆکيش سوپاسی یارمەتییه‌كانى توركياى بۆ هەرێمی کوردستان كرد.