ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢١/٥/٢٢ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێڵ ئەشیل کۆماندەری هێزه فه‌ره‌نسييه‌كان له هاوپەیمانيی نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەيه‌كدا دوایین پێشهاتە ئەمنييه‌كان، جموجووڵه‌كانى داعش لە ناوچەکە، هێرشەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی کەرکووک و خانەقین، هه‌ماهه‌نگيى سەربازی، نەخشەدانان بۆ ئه‌نجامدانى ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، پەیوەندییەکان و هەماهەنگيی زیاتری نێوان پێشمه‌رگه و هاوپەیمانان و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە سنوورەکان، تاوتوێ كران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، یارمەتی و هەوڵ و ماندووبوونی تیمی سەربازيی فه‌ره‌نسى له هاوپەیمانيی نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش لە عێراق بەرز نرخاند، هه‌روه‌ها جەختی لە دەستپێکردنی خێرای ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بە بەشداريی پێشمەرگە و سوپاى عێراق و هاوپەیمانان كرده‌وه بۆ کۆتایهێنانی یەکجارەکى به تیرۆرستانی داعش و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ى په‌لاماره تيرۆرستييه‌كانيان له ناوچه‌كه.
لای خۆیەوە شانده فەرەنسييه‌كه مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە ناوچەکە بە هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى جددى زانی و هەردوولا له‌سه‌ر پێويستيى هه‌ماهه‌نگى و هاوكارى و ئه‌نجامدانى ئۆپه‌راسيۆنى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه و سوپاى عێراق و هێزه‌كانى هاوپه‌يمان له دژى داعش هاوڕا بوون بۆ ئه‌وه‌ى ناوچەکە و سنوورەکان بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێن و بپارێزرێن.