Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆك پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی بەریتانیا دەكات

2024-05-13T10:56:34.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ دووشەمە ١٣/٥/٢٠٢٤، بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز جەیمس گۆڵدمان کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا هەنگاوەكانی برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و کاریگەرییان لە چارەسەركردنی پرسی مووچە و بودجە و دۆسیەی نەوت و وزە، خرایە بەرباس. هەروەها بە گرنگییەوە باس لە سەردانی شاندی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ تاران کرا و دۆخی سیاسی و ئەمنی، ناوخۆیی و هەرێمییش، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بەڕێز جێگری سەرۆک دووپاتی كردەوە كە کلیلی سەرکەوتن و گه‌ره‌نتيى سەقامگیریی سیاسی و پاراستنی داهاتوومان، بە یەکڕیزی و یەکگرتوویيی ناوماڵی کوردەوە بەندە.

لە تەوەرێكی دیكەی کۆبونەوەکەدا بیروڕا سەبارەت بە گرنگی و بایەخی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا جەختیان لە زەمینەسازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و گۆڕانکاری و گەشەپێدانی دیموکراسی، کردەوە.