Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور دەكات

2024-01-31T12:43:09.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ چوارشەمە ٣١/١/٢٠٢٤، بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز سنچول لیم کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور له‌ هه‌رێمى كوردستان کرد.

لە دیدارێکدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەكە و عێراق و هەرێمی کوردستان، پاراستنی سەروەریی خاک و پێگەی هەرێمی کوردستان، بایەخی ئابووری و سەرچاوە مرۆییەکان، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و ڕێکخستنی داهات کردەوە و لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕا بوون کە یەکخستنی داهات و هێز زامنی سەقامگیریی سیاسی و گەشەسەندنی ئابوورییەکی تۆکمە دەکات.

تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆریای باشوور لە بوارە جیاوازەكاندا و پەرەپێدانی پرۆژە و هاوکارییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کۆریای باشوور بە ئامانجی خزمەتکردنی هاووڵاتيیان و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.