Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد

2021-05-28T14:48:20.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ هەینی ٢٠٢١/٥/٢٨ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز جەنەراڵ ڕیچارد بێڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.

بەڕێز جێگری سەرۆک پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز ڕیچارد بێڵ کرد و هیوای خواست لە ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت، هەروەها ئامادەیی و هەماهەنگیی تەواوی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و ئەو مەترسییانەی لە ناوچەکەدا هەیە، نیشان دا.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی ئەمنی، پلانی هاوبەش و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دروستبوونی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژ بە داعش کرا.

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و کارکردن بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەمی کردەوە، هەروەها ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بە پێویست زانی، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی داعش هەوڵی خۆڕێکخستنەوەی تێدا دەدەن، لەگەڵ چاودێریکردنی زیاتری سنوورەکان و دەستەبەرکردنی ئارامی و سەقامگیری.