Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆك پێشوازی لە بەرپرسی سیاسیی كونسوڵخانەی ئەمەریكا دەكات

2022-05-24T14:27:12.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە ٢٤/٥/٢٠٢٢، بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دیوو تایانتواچ، بەرپرسی سیاسیی کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان و عیراق، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، لەمپەرەکانی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عیراق، ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، یەکڕیزیی لایەنەکان و هەڵوێستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەیانەوە، تاوتوێ کران.

بەڕێز جێگری سەرۆک، جەختی لەوە کردەوە کە شەفافیەت لە داهات، ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، چاکسازی، بەدامەزراوەییکردنی حوکمڕانی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر باشتركردنی خزمەتگوزاری و موچە و گوزەرانیی خەڵک دەبێت و متمانەی هاووڵاتیان بە حکوومەت و سەقامگیریی سیاسی زامنتر دەکات.

هەردوولا لەسەر پشتیوانیکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی بونیادنەرانە و پێویستیی دۆخی عیراق و هەرێم بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەپێناو پێکهێنانی حکوومەتێک کە خزمەتگوزاری و ئاسایش و سەقامگیری بۆ خەڵکەکەی دەستەبەر بکات، هاوڕا بوون.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی و بەشداریكردنی لە مەراسیمی دەرچوونی پۆلێک ئەفسەر و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بە ئەرێنی نرخێنرا.