
ئەمڕۆ چوارشەممە ٦/٣/٢٠٢٤، بەڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماکسیم ڕۆبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا پەیوەست بە بابەتی بودجە و شایستە دارییەکانی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بیروڕایان سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهاتەکان و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی ئاڵوگۆڕ کرد.
هەردوولا بە گرنگیەوە باسیان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و یەکڕیزیی لایەنەکان کرد و جەختیان لە گفتوگۆی بەرپرسیارانە کردەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
