جێگرى سه‌رۆك: دەبێت ڕۆڵی هه‌رێمى كوردستان لە دیالۆگی ستراتیژيی عێراق ـ ئەمریکادا، بە هەند وەرگیرێت

News
- 4 April 2021

ئەمڕۆ، یەکشەممە، ٤/٤/٢٠٢١ به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێكى یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا دۆخی سیاسی و ئابووری، پرسی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان، پەسەندکردنی یاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقه‌وه‌، پەیوەندییەکانی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمى كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، تاوتوێ كران. به‌ڕێز جێگری سەرۆک ڕایگەیاند: سەرەڕای تێبینیيان لەسەر ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە بودجە، بەڵام ڕێکەوتنەکە باشە و گرنگە جێبەجێ بکرێت.

لە تەوەرێکی ديكه‌دا هەردوولا بە وردی تیشکیان خستە سەر پرسی چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و به‌ڕێز جێگری سەرۆک شێوازی یەکخستن و بەدامەزراوەییکردنی ئەو هێزانەی ڕوونکردەوە، هەروەها دەستپێکردنەوەی دیالۆگی ستراتیژيی عێراق ـ ئەمه‌ریکاى بە ئەرێنی وەسف کرد و جەختی کردەوە کە ئاستی دیالۆگەکە فراوان بکرێت و هەموو بوارەکانی پەیوەندیدار بە گەشەسەندنی ئابوورییەوە بگرێتەوە.

لەکۆتایيدا به‌ڕێز جێگری سەرۆک باسی لە هەوڵەکان و دەستپێشخەرییەکان کرد بۆ پتەوکردنی هەماهەنگيی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هیوای خواست هەوڵەکان سەرکەتوو بن.