پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٥/١٦ بەرێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەردانی ماڵی شەهید محسین حاجی حسێن - ی لە قەزای ڕواندز کرد و پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی بە بنەماڵەی شەهید ڕاگەیاند کە بەداخەوە لە پەلامارێکی ترسنۆکانەی تیرۆریستانی داعشدا لە ناوچەی زینانەی گەرمیان شەوی سێشەممەی ڕابردوو شەهید بوو.
بەڕێز جێگری سەرۆک جەختی لە پێویستیی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە کردەوە کە لەو ناوچانەدا هەن و لەمبارەیەوە ئاماژەی بە گفتوگۆی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە عێراق کرد، چونکە تیرۆریستان لەو ناوچانەدا بەردەوامن لە تێکدانی سەقامگیری و پەلاماردانی ترسنۆکانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە.
بەڕێزیان ئازایەتی و گیانفیدایی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرز نرخاند بەتایبەتی لە هەموو ئەو سەرکەوتن و ڕووبەڕووبوونەوانەی بەرامبەر تیرۆریستانی داعش ئەنجامی دەدەن، هەروەها بنەماڵەی شەهیدی دڵنیا کردەوە کە خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناڕوات و تیرۆریستان لەناودەچن.