Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک پێشوازی لە کونسوڵی هیندستان کرد

2023-09-20T11:34:47.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠/٩/٢٠٢٣، لە هەولێر، به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە به‌ڕێز مادن گۆپاڵ کونسوڵی گشتيی هیندستان لە هەرێمی کوردستان و شاندێكى یاوەریکرد

لە کۆبونەوەیەکدا باس لە هەلومەرج و بارودۆخی سیاسيی هەرێمی کوردستان و کێشە و گرفتەکانی بودجە و مووچە و دۆخ و گوزەرانی خەڵک کرا، هه‌روه‌ها بە گرنگییەوە پەرەسەندنی پیشەسازی و بازرگانی و ئابووری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی هیندستان خرایە بەرباس.

هەردولا بە بایەخەوە جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هیندستان کردەوە بەتایبەت لە ئەزموون و پێشکەوتنی هیندستان لە بوارەکانی پزیشکی و پەروەردەیی و خوێندنی باڵا و کۆمپیووتەر و تەکنەلۆژیا و بازرگانی و پیشەسازی و وزە و کشتوکاڵيدا.

لە کۆبونەوەکەدا به‌ڕێز کونسوڵی گشتيی هیندستان پشتیوانيی خۆی دووپات کردەوە بۆ برەودان بە بەرزکردنەوەی توانای زانستی و پزیشکی و پەروەردەیيی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەرفەتی خوێندن و خولی ڕاهێنان و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هیندستان.

لە کۆتاییدا به‌ڕێز جێگری سەرۆک بە گرنگییەوە باسی لە پەیوەنديی مێژوویی و خاڵی هاوبەشی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و هیندستان کرد، هه‌روه‌ها هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە بپارێزرێن و بەردەوام بن.