ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/١١/٢٩ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێزان جەنەرال گارنەر و جهنهرال پیتەرس و شاندێکی یاوەریان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنیی عێراق، هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، یارمەتییە سەربازییەكانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و گرنگیی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، تاوتوێ کران.
بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵ و گرنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە بەرز نرخاند، هەروەها سەبارەت بە پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، تیشکی خستە سەر هەنگاوەکان و گرنگی بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە و خێراکردنی ئەو میکانیزمانەی کە گرنگە بۆ خزمەتکردنی یەکخستنەوەکە.
شاندی میوان جەختیان لە پێویستی و بەردەوامیی هاریکاری هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکە کردەوە، دووپاتیان کردەوە کە لە پاڵپشتیی و هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن، هەروەها بە گرنگییەوە لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان ڕوانی، لە پێناو دروستبوونی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی و پاراستنی ئارامی و زیاتر سەقامگیربوونی بارودۆخی ناوچەکە.