Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سه‌رۆك و شاندێكی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا كۆده‌بنه‌وه‌

2021-09-18T23:14:31.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ شەمە ١٨/٩/٢٠٢١ به‌ڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە خاتوو ڤیۆلا ڤۆن کرامۆن، سەرۆکی نێردەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عیراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێكدا جێگری سەرۆک و خاتوو ڤیۆلا، دۆخی سیاسی و پرسە دەستوورییه‌كانی نێوان هەولێر و بەغدا، یاسای هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئاڵنگارییەکانی بەردەم و به‌ڕێوه‌چوونی به‌ شێوه‌یه‌كی پاك و بێگه‌رد، شێوازی چاودێریکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان، خرایە بەرباس و گفتوگۆ.

به‌ڕێز مسته‌فا سه‌ید قادر سەرەڕای خستنه‌ڕووی چه‌ند تێبینییه‌ك لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان و نەبوونی سەرژمێری گشتی، هه‌روه‌ها رۆڵی شاندی یه‌كێتیی ئه‌ورووپای بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی عیراق به‌رز نرخاند.

لای خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان ئاشكرایان كرد كه‌ له‌لایه‌ن تیمه‌ پسپۆڕه‌كانیانه‌وه‌ چاودێریی هەڵبژاردنەکە ده‌كرێت و دواتر ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌كه‌ ئاراستەی حکوومەتی عیراق و دامەزراوە حکوومی و ناوەندە سیاسی و نێودەوڵەتیەکان دەکەن.