جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان چاوى به‌ تيمێكى سه‌ربازيى ئيتالى ده‌كه‌وێت

News
- 2 December 2020

ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2/12/2020 به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ سلێمانی پێشوازى له‌ به‌رپرسانى تيمێكى سەربازيی ئيتالى كرد كه‌ دواى ته‌واوبوونى ئه‌ركيان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ماڵئاواييكردن، هاتبوونه‌ سه‌ردانى به‌ڕێزيان.

له‌ ديدارێكدا به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هاوكارى و پشتگيريى ئيتالياى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆر و له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعشدا دووپات كرده‌وه‌، سوپاس و ده‌ستخۆشيى خۆى و سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيشى پێشكه‌ش به‌ تيمه‌ ئيتالييه‌كه‌ كرد كه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى پيشه‌يييانه‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌ و تيمى كۆماندۆ ده‌كه‌ن. به‌ڕێزيان هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنى له‌ به‌رپرسى تازه‌ى تيمه‌ ئيتالييه‌كه‌ كرد و هه‌موو پشتگيرييه‌كى بۆ ئه‌ركه‌كه‌ى دووپات كرده‌وه‌ و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

لاى خۆيانه‌وه‌ به‌رپرسانى تيمه‌ ئيتالييه‌كه‌، خۆشحاڵيى خۆيان به‌ خزمه‌تكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاس و پێزانينى خۆيان بۆ به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌ركياندا بۆ مه‌شق و ڕاهێنان به‌ پێشمه‌رگه‌، هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كيان بۆ سه‌ركه‌وتنى ئه‌ركه‌كانيان پێشكه‌ش كراوه‌.

له‌ كۆتاييى ديداره‌كه‌شدا هه‌ردوولا، ديارى و يادگارييان گۆڕيوه‌.