جێگری سەرۆک پێشوازی لە تیمێکی سه‌ربازيى هاوپەیمانان کرد

News
- 20 May 2021

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢١/٥/٢٠ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز کۆلۆنێڵ دەیڤد ولیەمس ڕاوێژکاری هاوپەیمانان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا سەرنجی وردیان خستە سەر جموجۆلەکانی ئەم دواییەی داعش و پەلامارە تیرۆریستییەکانیان بۆ سەر بارەگا و بنکەکانی پێشمەرگە لە سنووری کەرکووک و گەرمیان کە بوونه‌ هۆى شەهید و برینداربوونى چەند پێشمەرگەیەك.

بەڕێز جێگری سەرۆک جه‌حتى لە گرنگی و پێویستيی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ بنەبڕکردنی یەکجارەکی تیرۆریستان كرده‌وه‌ کە هەمیشە مەترسی بوونە بۆ تێکدان و ئاراميی ناوچەکە بەتایبەت لە ناوچه‌كانى ماددەی ١٤٠ ی دەستووری عێراقی فیدراڵ، ئەمەش بۆشاییەکی ئەمنيی بەرفراوانی دروست کردووە و بۆتە هەلێک بۆ جموجۆڵەکانی تیرۆرستان و خۆڕێکخستنەوەیان لەو شوێنانە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پلانێکی هاوبەش خرایە بەر باس بۆ زیاتر پاراستنی سنوورەکان و سەقامگیريی ئەو ناوچانە لە تیرۆریستان، ئەمەش بە هەماهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق به‌ پاڵپشتيی هاوپەیمانان، هەروەها ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ ئەو ناوچانەی کە تیرۆریستانی داعش وەک حەشارگەی چەک وتەقەمەنی و شوێنی مانەوەیان بە کاری دەهێنن.