جێگری سه‌رۆک: ڕەوەندی کوردستانی سەرمایەی نیشتمانییه‌

News
- 25 May 2021

ئەمڕۆ سێشەمە 25/5/2021 به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە د. ستاڤرۆس کیریمیس کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێكدا دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، بیناکردنەوەی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و بووژاندنەوەی کەرتە جیاجیاکانی ئابووری و گەشەپێدان و پەیوەندییه‌كانی هەردوولا، تاوتوێ کران.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک باسی دۆخی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و ململانێکان‌ کرد و پێویستیی زاڵبوون به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌كاندا بۆ‌ بیناکردنی دامەزراوەی نیشتمانی و پرۆژەکانی چاکسازی دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕۆڵی خەڵک و حکوومەتی یۆنانی له‌ پشتیوانیكردنی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی و هەرێمی کوردستان، به‌رز نرخاند.

لای خۆه‌وه‌ به‌ڕێز کونسوڵی گشتیی یۆنان ئاماژەی بە ئەزموونی وڵاتەکەی لە چارەسەرکردنی قەیرانه‌ ئابووری و داراییه‌كان سەباری فشاره‌ گه‌وره‌كان كرد كه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ ڕێژەیەکی زۆری پەنابەرانی له‌خۆ گرتووه‌.

تاوتوێكردنی گرنگیی ڕۆڵی هەردوو ڕه‌وەندی یۆنانی و کوردستانی و بەشداری لە بیناکردنەوەی وڵات و سوودوه‌رگرتن له‌ وزە و توانا مرۆیییه‌کان، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌ بوو.