پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە، 15/2/2021 ، لە دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، بهڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆک پێشوازی لە خاتوو سێرێنا مۆرۆنی کونسوڵی ئیتاڵیا کرد.
لە دیدارێکدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان و پەیوەندیی دۆستانەی هەردولا باسی لێوە کرا.
بهڕێز جێگری سەرۆک ڕایگەیاند، کێشەی هەولێر و بەغدا تەنها مووچه نییە، دۆخی کورد لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکانیش خراپە، بۆ چارەسەریی بنەڕەتیی کێشەکانیش لەنێوان هەردوولادا دەستوورێکی فیدراڵی هەیە کە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە پابەندی بین.
کونسوڵی ئیتاڵیاش ڕایگەیاند هیواخوازه هەرێمی کوردستان یەک هەڵوێست بن و پێکەوە لەگەڵ بەغدا ڕێکبکهون و چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ دابینکردنی مووچه و باشکردنی گوزەرانی خەڵک بدۆزرێتەوە تاکوو کێشەکە ساڵانە بەردەوام نەبێت.
بهڕێز کونسوڵی ئیتاڵیا هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەمیشە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکەن، گوتیشی: لە شەڕی داعشدا، ئیتالیا بە شێوەیەکی بەرفراوان بوونیان لە هەرێمی کوردستان هەبووە و تا ئێستاش وەک بەشێک لە هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بوونی سەربازییان لێرە ماوە.
بهڕێز مستەفا سەید قادر، سوپاسی ئیتاڵیای کرد بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان لە سێکتەری سەربازی و تەندروستی و ئاوەدانکردنەوە و بواری مەشق و خوێندن و ڕاهێنان بە پێشمەرگە و پۆلیس و ڕۆڵی ئیتاڵیای بەرز نرخاند.
سەبارەت بە بواری جێندەر، هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بایەخپێدان بەو بوارە کردەوە و کونسوڵی ئیتاڵیا رایگەیاند ئەوان سەردانی شێڵتەر و بەندیخانەکانیان کردووە لە هەرێمی کوردستان و کۆرس و خولی ڕاهێنانیان بۆ دادوەران و مامۆستایانی ئایینی و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان کردۆتەوە.
بهڕێز جێگری سەرۆک وێرای سوپاسکردن، ئاماژەی بەوە دا کە ئەوانیش لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بایەخیان بەو لایەنە داوە و وەک یەکێک لە مەلەفە گرنگەکان بەهەند وەریان گرتووە.