
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/8/13 بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو گویندەلن گرین، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و بەڕێز ستیف بیتنەر، کونسوڵی گشتیی پێشوو، کرد.
لە دیدارێکدا بەڕێز جێگری سەرۆک، پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە خاتوو گرین، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و هەموو ئامادەیییەکی بۆ هاریکاریکردنی لە سەرخستنی ئەرکەکەیدا، نیشان دا. هەروەها بە پێزانینەوە لە کارەکانی ماوەی ڕابردووی بەڕێز ستیف بیتنەر دوا و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا، بۆ خواست.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، جەخت لە زیاتر بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و فراوانترکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان کرایەوە. هەروەها پرسی دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە خرانە بەر باس و بیروڕاش سەبارەت بە کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا، بەتایبەتی کێشە دارایییەکان و دۆخی گشتیی عێراق، ئاڵوگۆڕ کرا.

