بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی تازەی زایینیەوە (٢٠٢١) پیرۆزباییيەکی گەرم ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکڕای خەڵکی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم.
دەخوازم لە یەزدان، ساڵی نوێمان پڕ خێر و خۆشی و بووژانەوە و گەشەسەندنی ئابووری و نەمانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت کە زۆر ئازیزی لێ سەندین، خۆشگوزەرانی فەراهەم بێت بۆ تاک بە تاکی کۆمەڵگەکەمان و سەرەتایەک بێت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیران و نەهامەتییەکان کە ساڵانێکە بەرۆکی میللەتەکەمانی گرتووە.
ئومێدەوارین ئەو ستەمکارییە کۆتایی بێت کە لە بەغداوە دژ بە مافە دەستورییەکان و ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئارادایە کە بەداخەوە سەڕەرای گفتوگۆ و ناردنی بەردەوامی شاندی حکوومەتی هەرێم، درێژەی هەیە کە بە هیچ جۆرێک خزمەت بە سەقامگیری و پێکەوەژیان لە عێراقدا ناکات و هێندەی دیکە قەیرانەکانی عێراق قووڵتر دەکاتەوە.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ و چارەنووسسازە، لەم دۆخە ناهەموارە سیاسی و دارایی و تەندروستیيەدا كه بەرۆکی جیهانی گرتۆتەوە و کوردستانیشی لێ بەدەر نیە، ناکۆکییەکانمان بەلاوە بنێین و پێکەوە دەست لەناو دەست ڕووبەڕووی هەموو ئاڵنگارییە سیاسی و دارایی و تەندروستیيەکان ببینەوە، ئاشتەوایی و یەکڕیزی و تەبایيی ناوخۆیی بکەینە هەوێنی دەستەبەرکردنی سەقامگیری و چەسپاندنی دادپەروەری و سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان، ئەو یەکڕیزیيە بکەین بە هێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و هاندەری پەرەپێدانی پەیوەندیيەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان.
هیواخوازم ساڵی نوێ ساڵی بەخۆداچونەوە و یەکترخوێندنەوە بێت، ئاشتی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی باڵ بەسەر گشت جومگەکانی ژیاندا بکێشێت.
شێخ جهعفهر شێخ مستهفا
2020/12/31