Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ يادى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كورديدا

2020-04-21T13:04:13.000000Z
لێدوان

بە بۆنەی سەد و بیست و دووەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان ـ ی میر میقداد بەدرخانی ڕه‌وانشاده‌وه‌ كە هاوكاتە لەگەڵ بیست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و پێشكەوتن بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و سەندیكاكەیان دەخوازم.

ئەم ساڵ كە ئەو یادە دەكەینەوە، كوردستان و جیهان لەبەردەم هەڕەشەی پەتای كۆرۆنا و دۆخێكی نالەباردایە، ڕۆڵی ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاريی تەندروستی و خۆپارێزی لەو پەتایە و هاندانی هاووڵاتیان بۆ پابەندی بە ڕێنماییيەكانه‌وه‌، ڕۆڵێكی كاریگەر و بەرچاو بوو، بە ڕێزەوە دەینرخێنین، ئومێدەوارین هەرچی زووترە ئەو بەڵایە لە یەخەی مرۆڤایەتی ببێتەوە و ژیان لە كوردستان و جیهان ئاسایی بێتەوە.

لەم یادەدا وەك هەمیشە پشتیوانيی خۆمان بۆ ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی كاری ڕۆژنامەگەری دووپات دەكەینەوە، لە ڕۆژنامەنووسانیش چاوەڕوانین هەمووان بەرپرسیارانە و پیشەیيیانە، مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتەكان بكەن، هەمیشە ئەو بڵندگۆیە بن كە هۆشیاری و زانیاريی ڕاست و دروست و هاوسەنگ دەگوازنەوە و پاراستنی ئاشتەوایيی كۆمەڵایەتی و سه‌قامگيريى سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵاتەكەیان لەبەرچاو دەگرن.

سڵاو لە یادی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و ئەو ڕۆژنامەنووسە پێشەنگانەی ژیانی خۆیان بۆ گەیاندنی ڕاستی و پێشخستنی ڕۆژنامه‌گەریی كوردستان تەرخان كرد.

پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووسان دەكەم، هيوادارم ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی لەبار و ئاسوودەدا یادی ئەم ڕۆژە و بۆنەكانی دیكە بكەینەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

21/4/2020