Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی سەرۆکی هەرێمى كوردستان بە بۆنەی جەژنی ئەکیتۆوە

2020-03-31T11:04:51.000000Z
لێدوان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی (ئەکیتۆ) سەری ساڵی نوێی بابليى ئاشووریيەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ته‌واوى خوشک و برایانی کلدانی، ئاشووری و سریانی لە کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، هیوادارم ئەم بۆنەیە مایەی خێر و خۆشی و گەڕانەوەی ئومێد و ئارامی بێت بۆ کوردستانیيان و هه‌موو گەلانی جیهان کە بە هۆی پەتای کۆرۆناوە دووچاری دۆخێکی دژوار و نەخوازراو بوون.

هەر بەم بۆنەیەوە جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی و هاوکاریی هەموو دامودەزگا فەرمییەکان و لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان پێکەوە دەکەمەوە بۆ پابه‌ندى به‌ ڕێنماييه‌كانه‌وه‌ و گرتنەبەری ڕێگەی دروست و پێویست لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخەدا بە سەرکەوتوویی.

کوردستان وەک هەمیشە لانكه‌ى پێکەوەژیان، لێبوردەیی، مرۆڤدۆستییە و ڕۆڵە کریستیانەکانیشی پێکهاتەی ڕەسەن و کۆڵەکەیەکی گرنگی ئەم کولتووره‌ن کە دەبێ بە هەموو شێوەیەک بیپارێزین و بەهێزتری بکەین.

جەژنی ئەکیتۆ لە خوشک و برایانی کریستیانمان پیرۆز بێت و هیوادارم پێکەوە جەژن و بۆنەکانی داهاتوومان لە دۆخێکی باشتردا، لە سایەی پێکەوەژیان و ئاشتی و ئارامیدا بکەینەوە.

خوای مه‌زن کوردستان و کوردستانییان و تەواوی گەلانی جیهان بپارێزێت.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

31/3/2020