دوای كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پێشنجشه‌ممه 17/10/2019ى نێوان سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و ژان ئيڤ لودريان وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا له هه‌ولێر، له كۆنگره‌يه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا سه‌ره‌تا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له وته‌یه‌كدا گوتی: "خۆشحاڵ بووین به پێشوازیكردن له به‌ڕێز جه‌نابی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رنسا و به گه‌رمی به‌خێرهاتنی ده‌كه‌ین، ئێمه سه‌ردانی جه‌نابیان به‌تایبه‌تی له‌م دۆخه ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌كه‌دا، وه‌ك پشتگیری و بایه‌خدانی فه‌ره‌نسا به هه‌رێمی كوردستان و عێراق و جێگیربوونی سه‌قامگیری له عێراق و ناچه‌كه به‌گشتی، ده‌بینین."
سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌شیان به‌ڕێزیان گوتی: "له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆماندا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان، باسمان له بارودۆخی ئێستای عێراق و گفتوگۆ و به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا كرد، باسمان له گرنگیی سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی و ئاینده‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له وڵات‌دا كرد، هه‌روه‌ها دوایین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌كه به‌گشتی و دۆخی سووریا و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی فرات له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به شێوه‌یه‌كی گشتی باس كران".
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا سه‌باره‌ت به دۆخه‌كه له ڕۆژهه‌ڵاتى فورات له سووریا، به‌رێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "ئێمه نیگه‌رانی دۆخی مرۆیی و ئه‌گه‌ری ئاواره‌بوونی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ین به‌تایبه‌تی كه ژماره‌یه‌ك له گرووپه توندڕه‌وه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كاندا به‌شدارن. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه پێشهاته‌كان ئاماژه به مه‌ترسیی جددی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش ده‌كه‌ن كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی جددیه و دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاڵۆزی و شڵه‌ژان ده‌بات. پێمان وایه دۆخی ناوچه‌كه زه‌رووره‌تی هه‌نگاونانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌خوازێت بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ و پێكدادان ڕابگرن و ڕێگه چاره‌ی سیاسی و ئاشتیانه بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ئاڵۆزی سووریا پێش بخرێت. بۆ جێگیربوونی ئارامی و سه‌قامگیری و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه، هه‌رچییه‌ك بكه‌وێته ئه‌ستۆی ئێمه ئاماده‌ین بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك."
به‌ڕێزیان له كۆتایی وته‌كه‌یدا گوتی: "به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، دووباره به‌خێرهاتنی جه‌نابی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ده‌كه‌ین، سوپاس و پێزانینمان بۆ فه‌ره‌نسا و جه‌نابی سه‌رۆك ماكرۆن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه له ڕۆژه سه‌خته‌كاندا پشتگیری و هاوكاری پێشكه‌ش به هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕۆڵێكی گه‌وره‌ی له كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عێراق بینی، هه‌روه‌ها ڕۆڵێكی گه‌وره‌یان بینی له یارمه‌تیدانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له شه‌ڕی داعشدا، جارێكی دیكه هاتنی ئه‌مڕۆی به‌ڕێزیان بۆ هه‌ولێر، بۆ عێراق، نیشانه‌ی پشتگیرییه بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ته‌واوی ناوچه‌كه."
دواتر به‌رێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا له وته‌یه‌كیدا گوتی: "سوپاس بۆ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، ئه‌مه حه‌وته‌م سه‌ردانی منه بۆ ناوچه‌كه، هه‌ر جارێكیش زۆر به خۆشحاڵییه‌وه سه‌ردانه‌كه‌م ئه‌نجام داوه، سێ جار وه‌ك وه‌زیری به‌رگری هاتووم و چوار جاریش وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه و ئه‌مه جاری چواره‌مه وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه سه‌ردان ده‌كه‌م. من كه سه‌ردانی به‌غدا و ئێره‌شم كردووه، بۆ ئه‌وه‌یه په‌یامی دۆستایه‌تی و پشتگیريی سه‌رۆك ماكرۆن و فه‌ره‌نسا به جه‌نابتان و هه‌روه‌ها هه‌موو برا كورده‌كانمان ڕابگه‌یه‌نم."
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز لودریان گوتی: "وه‌ك گوتم حه‌وت جار هاتووم كه هه‌ندێك جار خۆش بوو و هه‌ندێك جاریش بارودۆخه‌كه زۆر له‌بار نه‌بووه، ئه‌مڕۆ ده‌بێت بڵێم كه بارودۆخه‌كه به‌ڕاستی له‌بار نییه و دۆخێكی ناخۆشه چ له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئاسایشی عێراق به‌گشتی و ته‌نانه‌ت بۆ سه‌قامگیریی ئه‌ورووپا و فره‌نساش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هێرشی توركیا بۆ به‌زاندنی سنوور بۆ ناو ڕۆژئاوا و هه‌روه‌ها پاشه‌كشێی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له هه‌مان كاتدا له سووریا، حاڵه‌تێك دروست ده‌كات كه به‌ڕاستی ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت و مۆڵه‌ت به داعش ده‌دات دووباره هه‌ناسه‌یه‌ك وه‌رگرێت و جارێكی دیكه هه‌ڵسێته‌وه".
له به‌رده‌وامیی وته‌كه‌یدا به‌ڕێزیان گوتی: "ئێستا ئێمه له خۆمان ده‌پرسین له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا ئه‌و هه‌موو هه‌وڵه‌ی كه داومانه، گه‌یشتووینه‌ته كوێ؟ ئێستا گه‌یشتووینه‌ته حاله‌تێك كه به‌ڕاستی زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانیی ئێمه‌یه و بۆته هۆی ناسه‌قامگیری، من ئه‌مڕۆ هاتووم پێتان بڵێم كه ئێمه پشتگیریتان ده‌كه‌ین له‌م دۆخه‌دا، هه‌ردوولامان هاوڕاین له‌سه‌ر ئه‌و بیروبۆچوونه‌ی كه داعش به‌ڕاستی شكستی پێ نه‌هێنراوه و هێشتا له‌سه‌ر كاره‌كانی به‌رده‌وامه. ئێمه به‌رده‌وام ده‌بین له دیداره‌كانمان و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخه‌كه‌مان كردووه بۆ ئه‌م بواره و پێمان وایه كه پێویسته وڵاتانی هاوپه‌یمان كۆببنه‌وه تا بزانن له ئێستادا گه‌یشتوونه‌ته چ قۆناغێك، ئێمه سه‌ره‌تا (30) وڵات بووین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوو وڵات له‌و سی وڵاته ڕۆڵێك ده‌بینن كه به‌ڕاستی جێگای پرسیاره"
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا گوتی: "هۆكاره‌كانی دروستبوونی هاوپه‌یمانیی دژی داعش وه‌ك خۆیان ماون و پێویسته دووباره هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخه‌كه بكرێت و هیوادارین به زووترین كات كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگیی وڵاتانی هاوپه‌یمان ئه‌نجام بدرێت، هه‌روه‌ها هه‌ر (28) وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپاش پێیان باش بووه كه ئه‌م كۆبوونه‌وه هه‌ماهه‌نگییه ئه‌نجام بدرێت و تاكو ئه‌م بابه‌تانه ببنه ته‌وه‌ری باس و گفتوگۆ به‌تایبه‌تی ته‌وه‌ری تیرۆریزم له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا. هه‌ندێك جار بیرمان ده‌چێت بڵێین كه زیاتر له سێزده هه‌زار كه‌س له‌وێ له ئیسلامییه توندڕه‌وه‌كانن و دوو هه‌زار و دووسه‌د كه‌سیان بیانین، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی خانه‌واده‌كانیشیان ئه‌ژمار بكه‌ین ئه‌وا ژماره‌كه ده‌گاته چل هه‌زار كه‌س و ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی زۆر زۆر گه‌وره‌یه و ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی داعش ئه‌وانه‌ی به نهێنی چالاكی ئه‌نجام ده‌ده‌ن بهێنینه سه‌ر ئه‌و هاوكێشه‌یه، به‌ڕاستی كاره‌ساتێكی گه‌وره ڕووده‌دات".
به‌ڕێزیان له به‌رده‌واميی وته‌كه‌یدا گوتی: "زۆر پێویسته وڵاتانی هاوپه‌یمان له‌سه‌ر چالاكییه‌كانیان دژی داعش به‌رده‌وام بن و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی پێویسته ده‌رهه‌ق به‌و تیرۆرستانه بنرێن كه له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا گیراون، ئه‌وه‌ی وه‌ك هه‌واڵ پێمان گه‌یتشووه و تا ئێستاش ئه‌وه‌نده‌ی بیستوومانه ئه‌منیه‌ته‌كه باشه، ئێمه باسی ڕێكاره‌كانمان كرد تا بگه‌ینه هاوكارییه‌ك له دادگاكان‌دا له‌ڕووی دادوه‌ری بۆ دادگاییكردنی ئه‌مانه و شێواز میكانزمی دادگاییكردنیان".
به‌رێز لودریان هه‌ر سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه گوتی: "باسی ئه‌وه‌مان كرد كه دۆخی مرۆیی و ئه‌و حاڵه‌ته‌ی ئێستا ڕوویداوه و ئه‌و كێشانه‌ی ئێمه سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ر بینیمان، دوای ئه‌وه‌ی داعش له‌سه‌ر ئه‌زر نه‌ما، مه‌ترسیی ئاواره‌بوونی خه‌ڵك له ئارادایه. ئه‌وه‌ی ئێستا له ئارادایه و ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرێت ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی كورد ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه، ئاواره ببن و بێن بۆ هه‌رێمی كوردستانی عێراق، بۆیه پێویسته هاوكاریی مرۆیيی خۆمان به‌هێز بكه‌ین و له‌مباره‌یه‌وه فه‌ره‌نسا ده ملیۆن یۆرۆ ته‌رخان ده‌كات تا بتوانین ئه‌و یارمه‌تییه‌ی له ده‌ستمان دێت له بواری مرۆیی بۆ ئاواره‌كان پێشكه‌شتان بكه‌ین".
له كۆتایی وته‌كه‌یدا به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا گوتی: "دووباره ده‌مه‌وێ دۆستایه‌تیی خۆمان بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی و له ڕێگه‌ی جه‌نابيشتانه‌وه بۆ ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی كورد دووپات بكه‌ینه‌وه."