
ئەمڕۆ دووشەممه 2025/1/13 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک جێگری کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا و کاربەڕێکەری کونسوڵخانەی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان، پێشوازییی له بەڕێز ئەندرانیک هاروتیونیان، کرد.
لە دیدارێکدا بەڕێز جێگری سەرۆک، سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەڕێز هاروتیونیان کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا، ڕۆڵی گرنگی لە ڕێکخستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەیدا گێڕاوە و هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوویدا بۆ خواست.
لای خۆیەوە بەڕێز جێگری کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا، سوپاسی هاوكاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و جەختی لە گرنگی بەردەوامیی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا، کردەوە.


