Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ کۆنگرێسمان جۆ ویڵسن کۆبووەوە

2026-01-19T14:54:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ دووشەممە 2026/1/19 لە بارەگای کۆنگرێسی ئەمەریکا لە واشنتۆن، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز جۆ ویڵسن، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی ئەمەریکا و بەڕێز جۆ ویڵسن ـی کرد کە بەردەوام پاڵپشتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستانن و جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و برەودان بە هاریکاریی هاوبەش کردەوە، هەروەها تیشکی خستە سەر مەترسییەکانی داعش لە عێراق و سووریا و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەیان، لەپێناو بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

لای خۆیەوە بەڕێز جۆ ویڵسن، پشتیوانیی ئەمەریکای بۆ کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقدا دووپات کردەوە و بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان دوا، لەپێناو پاراستن و فەراهەمکردنی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.