ڕۆژی دووشەممە 2026/1/19 لە واشنتۆن، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز برایان مست، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەروەها پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە، تاوتوێ کران.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامبوونی یارمەتییەکان و هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی و هیواشیان خواست ناوچەکە سەقامگیری و ئارامی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها بە گرنگییەوە، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان هەڵسەنگاند.
ڕووداو و پەرەسەندنەکانی سووریا و وڵاتانی هەرێمی و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.