Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ یاریدەدەری سکرتێری کاروباری عێراق (بە وەکالەت) کۆبووەوە

2026-01-20T14:56:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە واشنتۆن، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ئەندرۆ دۆنیکا، یاریدەدەری سکرتێری کاروباری عێراق لە نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ( بە وەکالەت) کۆبووەوە.

بەڕێز جێگری سەرۆک سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پاڵپشتی و هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، هەروەها ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا، بە پێویست و کاریگەر لە قەڵەم دا.

لای خۆیەوە بەڕێز دۆنیکا دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا بەلایەوە گرنگە لەپێناو ئاشتی و ئارامیدا، بایەخی زیاتر بە ئازادی و دادپەروەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدرێت و جەختیشی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا، کردەوە.

ڕووداو و پەرەسەندنە هەرێمییەکان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا بیروڕا لەبارەی لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.