
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2025/4/15 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێزان نيكۆلۆ فۆنتانا، باڵيۆزى ئيتاڵيا له عێراق و تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارەکەدا، پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە و کاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ هێزی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، تاوتوێ کران.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیادا کردەوە، هەروەها لێکگەییشتن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان لەپێناو خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمەکە، بە گرنگ لە قەڵەم دا.
هەڵسەنگاندنی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، بەتایبەتی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکان لە سووریا و جەنگی غەززە و لێکەوتەکانی، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
