Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێندەر و پەروەردە لە سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێم تاوتوێ ده‌كرێت

2022-11-15T12:11:34.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ڕۆژی دووشەممه‌ 2022.11.14 ژماره‌يه‌ك له‌ نوێنەرانی دەزگای حکوومی و پەرلەمانی و کۆمەڵگەی مەدەنی وكونسولگەری و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ گفتوگۆ دەربارەی پرسی جێندەر و پەروەردە، له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌.

کۆبوونەوەکە لە لایەن خاتوو د. نەزەند بەگیخانی ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمى كوردستان بۆ کاروباری جێندەر بە هاوکاریی سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕيی گشتی خاتوو سۆزان سەعدی ئیبراهیم و خاتوو بەهرە محەممەد، راوێژکاری کاروباری جێندەر لە ئۆفیسی جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان به‌ڕێز مستەفا سەید قادر ڕێکخرابوو، بە ئامانجی گۆڕینەوەی بیروڕا و ئەزموون دەربارەی جێندەر و پەروەردە.

ئامانجێکی دیکەی گرنگی کۆبوونەوەکە ڕەخساندنی سەکۆیەکی دۆستانە بوو، بۆ گفتوگۆ و کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و هەماهەنگی و هاوکاريی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکە تیشک خرایە سەر پێویستیی هەبوونی هەماهەنگی و یەکدەنگی دژی هەموو ئەو توندوتیژی و جیاکارییانەی بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدرێن لە ڕێگەی پەروەردەیەكی دروست و دوور لە توندوتیژی. دوای ڕاڤەکاریی و گفتوگۆی قووڵ، هەمووان کۆک بوون کە هۆکاری توندوتیژی و جیاکارییەکان ئاڵۆز و فرەڕەهەندن لە کۆمەڵگەیەک کە چەندەها جەنگی بينيوه‌ و لەژێر هەڕەشەی تيرۆر و هێرشی مووشەک و تۆپباراندايه‌، هه‌روه‌ها گرژی و ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان بەردەوامن و زەمینەیەکی گونجاوی پەروەردەییش بۆ ئاشتی و ئاسایش و پێکەوەژیان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا نەڕەخساوە. ژنانیش وەک هێزە بکەرەکانی دیکە لەنێوان خۆیاندا ناکۆکن و وەک پێویست هەماهەنگ و لە گفتوگۆدا نین بۆ چارەسەری کێشەکان.

پەرەسەندنی بيرى توندڕەوی کە ئایینی پیرۆزی ئیسلامی شێواندووە، خراپ بەکارهێنانی ئامرازەکانی تەکنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیا لەگەڵ ناکۆکيی سیاسی، وەک هۆکاری سەرەکیی توندوتیژییە هەنووکەییەکان ئاماژەیان پێدرا.

کۆبوونەوەکە جەختی لەسەر پێويستى و گرنگیی هەماهەنگی و هاوکاری و قبووڵکردنی یەکتری سەرەڕای جیاوازییەکان کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو تەحەدديیانەی لە رووی پەروەردەوە کۆمەڵگە بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی بەرەوڕووی دەبنەوە.

له‌ کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا تۆڕی پشتگیریی ژنانی کوردستان چالاک بکرێتەوە كه‌ سیفه‌تێکی فەرمی نییە و کەسیش سەرۆکایەتی ناکات، بەڵکو بە ڕۆتەیت و بەپێی پێویست، به‌ شێوه‌يه‌كى وەرزی جارێک کۆدەبنەوە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوکاری و گۆڕینەوەی ئەزموون بیروڕای پێویست.

بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا فۆکەس بخرێتە سەر توندڕەويی ئايينى و چۆنییەتی کارکردن لەپێناو ئاشتی و هاوکاریی زیاتردا بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیاکاری و توندوتیژییە هەمەجۆرەکان.