لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.
لە گفتوگۆکاندا، کە بە ئامادەبوونی بەڕێز جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان و خاتوو وێندی گرين، كونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوون، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە خرانە ڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەنگاوی هاوبەش بۆ خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لەنێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ کرا.