ئەمڕۆ سێشەممە 2026/8/4 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤیتکە، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، بەڕێز سەرۆکی دیوان وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵی بەڕێز ڤیتکە لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، هیوای سەرکەوتنی لە کار و ئەرکی داهاتوویدا، بۆ خواست.
لای خۆیەوە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤیتکە، خۆشحاڵیی خۆی بە کارکردنی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە پێزانینەوە باسی لە هاریکاری و پشتیوانیی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرخستنی ئەرکەکەیدا، کرد.
تاوتوێکردنی ڕەوشی هەرێمی، هەڵسەنگاندنی پەرەسەندنە هەنووکەیییەکان و لێکەوتەکانیان بەسەر دۆخی گشتیی ناوچەکەوە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە، بوو.