هه‌رێمى كوردستان و توركيا جه‌خت له‌ پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانيان ده‌كه‌نه‌وه‌

News
- 4 September 2020

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ هه‌ینی 4/9/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندێكى ياوه‌رى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌ولوود چاوشئۆغلو وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ توركيا و چۆنيه‌تيى په‌ره‌پێدانى زياتريان له‌ هه‌موو بوراه‌كاندا به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ئابووريدا تاوتوێ كران و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ بره‌ودانى زياتر به‌ جموجووڵ و ئاڵوگۆڕى بازرگانيى نێوانيان كرده‌وه‌.

بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى به‌تايبه‌تى له‌سه‌ر بوارى ئابوورى له‌ هه‌رێمى كوردستان و توكيا ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا ئاماده‌ييى وڵاته‌كه‌ى بۆ هاوكاريكردنى هه‌رێمى كوردستان نيشان دا به‌ پێشكه‌شكردن و ناردنى يارمه‌تى و پێداويستيى پزيشكى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاكه‌.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، مه‌ترسييه‌كانى داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.