Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێکی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان کۆبووەوە

2020-03-03T06:01:14.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌ به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو پێكاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ر هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش ده‌ربڕی به‌تایبه‌ت ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ دژی ئێزدی و كرستیانه‌كان ئه‌نجام دراون.

سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3/3/2020 سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ شاندێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌رێز ئەدا‌ما دیا‌نگ ڕاوێژكاری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ ڕێگریكردن له‌ كۆمكوژی، هه‌روه‌ها باسی له‌ دۆخی ئاواره‌كان و تاوانانه‌کانی داعش و هۆكاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان کرد و جه‌ختی له‌ گرنگیدانی زیاتر به‌ مافی پێكهاته‌كان له‌ ده‌ستووری داهاتووی هه‌رێمی كوردستاندا كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ شاندی میوان پوخته‌یه‌كیان ده‌رباره‌ی ئامانجی سه‌ردانیان بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق، سه‌ردانی مه‌یدانییان بۆ ناوچه‌  زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی داعش و بینینی قوربانیانی ده‌ستی داعش و كه‌سوكاریان، كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی تاوانه‌كان و دادگاییكردنی تاوانباران پێشكه‌ش كرد. شانده‌که‌ هه‌وڵ و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری بۆ ئەوان و ڕێخۆشكردن بۆ تیمه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش، به‌رز نرخاند.

لە کۆبونەوەکەدا کە بەڕێزان کەریم خان ڕاوێژکارى تایبەت و سەرۆکى تیمى نێودەوڵەتیى لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش لە عێراق، قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیران و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئامادەی بوون، هه‌ردوولا له‌سه‌ر به‌شداریكردنی پێكهاته‌كان له‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌رخستنی یاسای تاوانه‌كان له‌ عێراق كه‌ ئاسانكاری بۆ تیمی نێوده‌وڵه‌تی بكات، مسۆگەرکردنى پێکەوەژیان و ئاشتبوونەوە و بنیاتنانەوەى متمانە و پەیوەندیى نێوان پێکهاتەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونى وڵاتان لە چارەسەرکردنى ئەم کەیسانەدا، گرنگیدان بە بابه‌ته‌كانی پێكه‌وه‌ژیان و لێبوردن له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و فێركرندا له‌ عێراق، كۆك بوون.