Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى به‌ريتانيا كۆبووه‌وه‌‏

2022-06-30T07:21:15.000000Z
کار و ئابووری هه‌واڵ حکوومه‌ت په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2022/6/30 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز مارك برايسۆن ريچاردسۆن باڵيۆزى به‌ريتانيا له‌ ‏عيراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عيراق و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م ‏پرۆسه‌ى سياسى، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆ و هه‌ڵبژاردنه‌كانى ‏داهاتووى هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و ‏يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى به‌ريتانيا له‌گه‌ڵ ‏عيراق و هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.‏

هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگيى گه‌يشتنى هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان به‌ ‏لێكگه‌يشتن بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سياسى و پێويستيى ‏پاراستنى سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسى له‌ وڵات، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ پێويستيى ‏باشتركردنى خزمه‌تگوزارييه‌كان له‌ وڵات كرده‌وه‌.‏

له‌باره‌ى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداوه‌، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ ‏كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى ‏فيدراڵى عيراق، كليلى ئارامى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عيراقه‌ و ئاڵۆزكردنى ‏كێشه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هيچ لايه‌نێكدا نييه و كه‌س تيايدا براوه‌ نابێت‌.‏

گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان له‌ به‌غدا، هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ ‏بوارى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تاوان و ماده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا، پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران و ‏پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو.‏