Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک بۆ ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە بەڕێوە چوو

2026-02-16T18:05:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ دووشەممە 2026/2/16 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دامەزراوە سەربازییەکان و فەرماندەکانی پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی قۆناغەکانی پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە کار و هەنگاوەکانی ئەو لیژنە تایبەتمەندانەدا کرا، کە لە ماوەکانی ڕابردوودا کاریان لەسەر پرۆسەکە و هەروەها دیاریکردنی دەسەڵاتە جیاجیاکانی هەردوو فەرماندەییی دەڤەری یەک و دەڤەری دووی هێزەکانی پێشمەرگە کردووە. پاش تاوتوێکردنی کاری لیژنەکان و پەسەندکردنی بڕیارەکانیان، وێڕای کۆتاییهێنان بە ئەرکی لیژنەکان، بڕیار درا کار بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و هەروەها ئەو قۆناغانەی کە لە پرۆسەکەدا ماون، بکرێت.