Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

2022-07-20T16:41:02.000000Z
لێدوان

زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى تاوانى بۆمببارانكردنى ئه‌مڕۆى سنوورى زاخۆ ده‌كه‌ين كه‌ بووه‌ هۆى گيانله‌ده‌ستدانى ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى و گه‌شتيارى سڤيلى ناوچه‌ جياكانى عێراق و برينداربوونى ژماره‌يه‌كى ديكه‌يان.

دووباره‌بوونه‌وه‌ى بۆمبباران و به‌رده‌واميى شه‌ڕ و پێكدادانى سوپاى توركيا و چه‌كدارانى په‌كه‌كه له‌ سنووره‌كان‌، به‌ ته‌واوى ڕه‌تكراوه‌ و قبووڵنه‌كراوه‌ و ئاسايش و سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستان و سنوورى نێوده‌وڵه‌تيى عيراقى شێواندووه‌، هه‌روه‌ها بووه‌ته‌ هۆى چۆڵكردنى سه‌تان گوند و دێهاتى ناوچه‌كه‌.

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيى قووڵمان ئاراسته‌ى خێزان و كه‌سوكارى قوربانييان ده‌كه‌ين و هاوده‌رد و هاوخه‌ميانين، هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين. نه‌خۆشخانه‌ و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو يارمه‌تى و خزمه‌تگوزارييه‌كى پێويست پێشكه‌ش به‌ بريندار و به‌ركه‌وتووان ده‌كه‌ن.

سوپاى توركيا و چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ ده‌بێ شه‌ڕ و پێكدادان ڕابگرن و چيتر نه‌بنه‌ هۆكارى كوشتن و وێرانكارى له‌ ناوچه‌ سنوورييه‌كان و شه‌ڕ و به‌ڵاى خۆيان له‌ يه‌خه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه‌. حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقيش ده‌بێ هه‌موو ڕێكارێكى پێويست بگرێته‌ به‌ر بۆ ڕێگريكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ و له‌ خاكى عێراقه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايشى وڵاتانى دراوسێ نه‌كرێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/7/20