Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ئه‌نفالدا

2024-04-14T06:15:47.000000Z
هه‌واڵ پەیام و پەیوەندی

ئه‌مڕۆ يادى خه‌مگينى سى و شه‌ش ساڵه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفال و زياتر له‌ 182 هه‌زار منداڵ و ئافره‌ت و پياو و گه‌نجى ئه‌نفالكراوى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ يه‌كێك له‌ سامناكترين تاوان و جينۆسايدى مێژوودا ساڵى 1988 له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى ئه‌وساى به‌غدا شه‌هيد كران و لێكه‌وته‌كانى تا ئێستا و تا داهاتوويه‌كى درێژ، به‌رده‌وام ده‌بن. له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و شكۆدارييه‌وه‌ به‌ بيريان ده‌هێنينه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكياندا داده‌نوێنين.

له‌ كاتێكدا دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق ئه‌م تاوانه‌ى به‌ جينۆسايد ناساندووه‌، داواكاريمان له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ بۆ به‌جێگه‌ياندنى دادوه‌رى، ئه‌ركى خۆى جێبه‌جێ بكات و قوربانييان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ و قه‌ره‌بوو بكاته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ خزمه‌تكردنى باشترى كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌كه‌ينه‌وه‌ و هه‌رچى له‌ توانادا بێت، ده‌بێ درێخييان بۆ نه‌كرێت.

كه‌سوكارى ئازيزى ئه‌نفالكراوان دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تا كۆتايى له‌ پرۆسه‌ى گه‌ڕان به‌دواى ڕوفاتى شه‌هيداندا و گێڕانه‌وه‌يان بۆ باوه‌شى نيشتمان به‌رده‌وام ده‌بين. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ كار و هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌مان ده‌كه‌ينه‌وه‌ بۆ ئه‌وەى تاوانى ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تيش به‌ جينۆسايد بناسرێت و هه‌رگيز تاوانێكى وا له‌ هيچ شوێنێكى جيهان دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌ييى ته‌واوى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ مه‌رجى پاراستن و مانه‌وه‌ى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و فيدراڵى و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستانه‌. يادى شه‌هيدان هه‌ميشه‌ به‌ خێر و دروود له‌ گيانى پاكيان، سڵاو له‌ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان.

نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان 2024/4/14