Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ يادى ئه‌نفالى باديناندا

2022-08-25T05:48:36.000000Z
لێدوان

ئه‌مڕۆ يادى 34 ساڵه‌ى تاوانى ئه‌نفالى بادينان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ وه‌ك دوا قۆناغى ئه‌نفال له 25ى ئابه‌وه‌ تا 6ى ئه‌يلوولى 1988 سوپاى ئه‌وساى عێراق ده‌رهه‌ق به‌ پێكهاته‌ جياكانى خه‌ڵكى بادينان ئه‌نجامى دا. سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان داده‌نوێنين و به‌ شكۆوه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كه‌سوكاريان ده‌نێرين.

تاوانى ئه‌نفال كه‌ هه‌ر له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا دوا قۆناغى له‌ بادينان (182) هه‌زار هاووڵاتيى بێتاوانى كوردستان تيايدا بوونه‌ قوربانى و شه‌هيد كران، وه‌ك دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق دانى پێدا ناوه‌، جينۆسايد و تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژى مرۆڤايه‌تييه‌، بۆيه‌ پێويسته‌ هه‌رچى زووه‌ حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق قه‌ره‌بووى كه‌سوكارى قوربانييان بكاته‌وه‌. له‌ هه‌رێمى كوردستانيش ده‌بێ خزمه‌تى زياترى كه‌سوكارى قوربانييان بكرێت و له‌گه‌ڵ به‌ دۆكيومێنتكردنى تاوانه‌كه‌، هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ك جينۆسايد بناسرێت.

له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ تاقه‌ گه‌ره‌نتى پاراستنى مافه‌ ده‌ستوورييه‌كان و ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌رێمى كوردستان و داهاتوويه‌كى باشترى نه‌وه‌كانمانه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێگر ده‌بێت له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ى به‌ درێژيى مێژوو ده‌رهه‌ق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كان و خاك و ئاو و هه‌وا و سروشت و ژينگه‌ى كوردستان كراوه‌.

يادى شه‌هيدان هه‌ميشه‌ و به‌رز و شكۆدار بێت، سوپاس و ڕێز و پێزانين بۆ جوامێريى خه‌ڵكى هه‌ولێر و به‌حركه‌ و ده‌وروبه‌ريان كه‌ له‌ كه‌مپى زۆره‌ملێى جێژنيكان به‌ هاناى لێقه‌وماوانى بادينانه‌وه‌ چوون و يارمه‌تييان دان. ميهره‌بانى و مرۆڤپه‌روه‌رييان هه‌رگيز له‌بير ناكرێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2022/8/25