Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

مستەفا سەید قادر لەگەڵ شاندێكی كونسولخانەی بەریتانیا كۆدەبێتەوە

2022-08-09T15:18:20.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئەمڕۆ سێشەممە ٩/٨/٢٠٢٢ بەڕێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای کونسولخانەی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان کرد كە لە بەڕێزان جەیمی هامیل جێگری کونسولی گشتی و جەیمس شارلتۆن بەرپرسی کاروباری سیاسی و سالار ئەمین لە کاروباری سیاسیی كونسولخانەی بەریتانیا پێكهاتبوو.

لە کۆبونەوەیەكدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی چەقبەستووی سیاسیی عێراق و کاریگەریەكانی بۆ سەر هەولێر و پرسی هەڵبژاردنەکان، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لەمبارەیەوە جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەی لایەنەکان بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سیاسییە کرایەوە.

بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکانی بەردەم پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد. شاندی میوانیش ڕۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند بەتایبەت کە لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک کۆبونەوەیان بۆ سازانی نیشتمانی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو ئەنجام داوە.

هەردوولا جەختیان لە گرنگی و بایەخی تەبایی، یەکڕیزی، چاکسازی و یەکگرتنەوەی پێشمەرگە کردەوە و لەمبارەیەوە بەڕێز جێگری سەرۆک ئەزموون و ڕۆڵی بەریتانیای لە پشتیوانی و یەکخستنی سوپایەکی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان، بە گرنگ وەسف کرد.