Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

2021-03-30T16:16:36.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سه‌رۆك ئيمانوێل ماكرۆن خۆشحاڵيى خۆى به‌ ديدارى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى و سوپاسى كرد كه‌ وێڕاى ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ى كۆرۆنا دروستى كردووه‌ سه‌ردانى پاريسى كرد، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى پێكه‌وه‌كاركردن و پشتگيريى فه‌ره‌نساى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيدا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/3/30 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆشكى ئێليزێ له‌ پاريس، له‌لايه‌ن به‌ڕێز ئيمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێشوازى لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌يان به‌گشتى تاوتوێ كرد و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى داعشدا، جه‌ختيان له‌ په‌ره‌پێدانى په‌يوه‌ندييه‌كان و هاوكارى و هاوبه‌شيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا كرده‌وه، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌بوونى تێگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌.

سه‌رۆك ماكرۆن باسى له دوايين سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسيس بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ بيستوويه‌تى سه‌ردانه‌كه‌ مايه‌ى خۆشحاڵيى پاپا بووه‌ و به‌ ڕووداوێكى گرنگى له‌ قه‌ڵه‌مدا. لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كاريگه‌ريى ئه‌رێنى له‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵات هه‌بووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى سه‌رۆك ماكرۆن و فه‌ره‌نسا له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا بۆ گه‌لى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كاركردن و هاريكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ربڕى له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و دابينكردنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها هاوكاريى فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێكه‌وه‌كاركردن و هاوبه‌شيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراقی له‌ پرۆسه‌ى سياسيدا‌ بۆ چاره‌سه‌رى به‌ گرنگ و پێويست زانى.

مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا جه‌خت له‌ كرنگيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق له‌ ناوچه‌كانى مادده‌ى 140ى ده‌ستوور كرايه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بۆشاييى ئه‌منى دروست نه‌بێت و له‌لايه‌ن داعشه‌وه‌ نه‌قۆزرێته‌وه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆك ماكرۆن هاوڕا بوو كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كى جددييه و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت.

دوايين پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆڤيد_19 له‌ فه‌ره‌نسا و عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پێويستييان به‌ هاوكارى و يارمه‌تييه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و چۆنيه‌تيى گه‌ڕانه‌وه‌يان بۆ شوێنه‌كانيان، دۆخى ئێزدييان له‌ ناوچه‌ى شه‌نگال و كريستيانان له‌ ده‌شتى نه‌ينه‌وا، ‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى مايه‌ى بايه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون.