نێچیرڤان بارزانی و مسته‌فا كازمی كۆبوونه‌وه‌

News
- 20 June 2020

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20/6/2020 له‌ به‌غدا به‌ڕێز مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشوازی له‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی بوون، سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی ده‌ستبه‌کاربوونی له‌ به‌ڕێزیان کرد، ئینجا کێشه‌کانی نێوان حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و کارکردن بۆ چاره‌سه‌ركردنیان به‌پێی ده‌ستووری عێراق و چۆنیه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دیياته‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان كه‌ ڕووبه‌ڕووی وڵات بوونه‌ته‌وه‌، تاوتوێ کران.

هه‌ردوولا گرنگیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی حکوومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی کوردستانیان به‌مه‌به‌ستی تێپه‌ڕاندنی ته‌حه‌دییه‌کان دووپات كرده‌وه‌ به‌تایبه‌تی قه‌یرانی ئابووری كه‌ له‌ ئه‌نجامی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و لێکه‌وته‌کانی په‌‌تای ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌، به‌رۆکی عێراقی گرتووه‌.

هه‌ردوولا هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ که‌ تێپه‌راندنى قه‌یرانه‌کان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دۆخی سه‌ختی وڵات و گێڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری، پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی هه‌مووانه‌.