Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق كۆده‌بێته‌وه‌

2019-10-03T08:07:03.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ پاراستنی سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌سه‌ر داعشدا و ده‌ستپێكردنی قۆناغی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ شوێنه‌کانیان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاسی پشتیوانیی كه‌نه‌دای بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا کرد.

‌پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3/10/2019 له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ دیداره‌كێدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز پۆڵ گیبارد باڵیۆزی که‌نه‌دا له‌ عێراق كه‌ خاتوو ئاشلی دوریك به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفێسی باڵیۆزخانه‌ی كه‌نه‌دا له‌ هه‌ولێر تیایدا ئاماده‌ بوو، پوخته‌یه‌كی ده‌رباری پرۆگرام و كاره‌ له‌پێشینه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ که‌نه‌دا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز گیبارد باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق خۆشحاڵیی خۆی به‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و هیوای به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌کانی خواست.

تاوتوێكردنی دۆخی سیاسیی عێراق، جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور، ڕێگریكردن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر، دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی كه‌نه‌دا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌که‌‌ بوو.