Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە مەترانی ئەرمەن لە عێراق کرد

2019-11-27T10:22:48.000000Z
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان بە لانەى ئارام و شوێنى هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان دەمێنێتەوە و جەختى لە قووڵکردنەوەى کولتوورى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و پاراستنى مافى ئەرمەن و تەواوى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان کردەوە.

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 27/11/2019 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز د. ئاڤاک ئەسەدۆریان مەترانى ئەرمەنى ئۆتۆدۆکس لە عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد کە لە ژمارەیەک پیاوانى ئاینى پێکهاتبوون.

لە دیدارێکدا بەڕێز ئەسەدۆریان سوپاس و پێزانینى کەنیسەى پێکهاتەى ئەرمەنى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى کرد بۆ ئەو پشتگیرییەى کە هەمیشە پێشکەش بە پێکهاتەى ئەرمەنى لە هەرێمى کوردستان کردووە.

لە دیدارەکەدا کە بەڕێز وەزیرى ئەوقاف و کاروبارى ئایینیى هەرێمى کوردستانیش ئامادەى بوو، دۆخى ئەرمەن لە هەرێمى کوردستان و عێراق،کاروبارى دێر و کلێساکانیان لە زاخۆ، دهۆک و هەولێر، ماف و داواکارى و پێداویستییەکانیان، تاوتوێ کران.