Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نوێنەری سەرۆک لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی ڕۆژی نیشتمانیی ئێران ـدا بەشدار بوو

2026-02-09T16:05:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/2/9 لە هەولێر، بە نوێنەرایەتیی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوان، لە ڕێوڕەسمی 47ەمین ساڵیادی (شۆڕشی ئیسلامی و ڕۆژی نیشتمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران)دا بەشدار بوو، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی ئەو وڵاتەوە لە هەولێر، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای چەندین کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسانی ئیداری و میوانانی ناوخۆ، ژمارەیەک دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتانیش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بەناوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ـەوە، پیرۆزباییی یادەکەی لە بەڕێزان کونسوڵی گشتی و ستافی کونسوڵخانە کرد و هیوای سەقامگیری و ئاشتیی بۆ گەلی ئێران خواست.

لای خۆیەوە بەڕێز فرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ بەشداریی هەمووان لە ڕێوڕەسمەکەیاندا، جەختی لە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان، کردەوە.