Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامێک لە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە

2025-04-14T15:06:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

بە بۆنەی بە پارێزگابوونی شاری هەڵەبجە وەکوو چوارەم پارێزگا لە هەرێمی کوردستان و نۆزدەیەمین پارێزگاش لە عێراقدا، پڕ بە دڵ پیرۆزبایییەکی گەرم لە شاری هەڵەبجە و هەڵەبجەیییەکان و گشت کوردستانییانی ئازیز دەکەم، گەییشتن بەم ڕۆژە مێژووییەی کە هەموومان چاوەڕێمان دەکرد، مایەی دڵخۆشیی گشت کوردستانییانە، بە تایبەت کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم، سوپاسی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزانە بکەم، کە دەنگیان بەم پرۆژە یاسایە دا. پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەوڵ و ماندووبوونی چەندین ساڵەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فراکسیۆنە کوردییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق و کۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە، ئەم هەوڵانە گیانی تەبایی و یەک هەڵوێستی و پەرۆشیی گشت لایەنە کوردییەکان دەردەخات لە ئاست پێگە و بەهێزیی هەرێمەکەمان.

هەڵەبجە لای ئێمە سیمبۆلی قوربانیدان و خۆڕاگری و ئازایەتییە، خزمەتکردنی هەڵەبجە جێگای شانازییە بۆ گشت لایەکمان، هیوادارم لێرە بەدواوە فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغداد هەوڵ و ماندووبوونەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ بەدەستهێنان و دابینکردنی بوودجەیەکی شیاو کە لە ئاست خزمەتکردنی ئەم شارەدا بێت، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە لە ڕووی بنیاتنانەوە وەکوو سیمای شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانێتیی و خزمەتگوزارییەوە، بکرێت بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەیییەکان.

سەری ڕێز و وەفاش بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دادەنەوێنم.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2025/4/14