Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا

2025-03-08T09:43:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە یادی ٨ی ئاداردا، کە ڕۆژی جیهانیی ژنانە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ژنانی جیهان و ژنانی کوردستان بە تایبەت دەکەم، هیوای بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنیان لە سەرجەم کایەکانی ژیان بۆ دەخوازم.

بە شکۆوە ئەو یادە دەکەینەوە و ڕێز لە خەبات و ماندووبوونیان دەگرین، ژنانی کوردستان بە درێژایی مێژووی ناوچەکە هەمیشە بەشدارێکی کارا بوون لە خەباتی سیاسی و ململانێکانی ژیاندا لەپێناو مانەوە، هەروەها سیمبۆلی ئازایەتی و بەرخودان بوون لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا، لە ئەمڕۆشدا ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگ دەگێڕن لە نێو کایەی سیاسی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و گشت بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، هیوادارم لە کابینەی نوێی حکومەتدا بواری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت لە ناوەندەکانی بڕیاردان و دامەزراوەکانی حکوومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆئەوەی بتوانن زیاتر خزمەت بە گەل و نیشتمان بکەن.

لێرەدا ئەرکی سەرشانی هەموومانە بێ جیاوازی کە پاڵپشت و داکۆکیکار بین لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییانەی کە دەکرێنە سەر ژنان جا لە ژێر هەر پاساوێکدا (بن)، گرنگە لە چوارچێوەی ئەو یاسایانەی کە مافی مرۆڤ بە گشتیی تیایاندا پارێزراون، هەوڵی بنبڕکردنی کولتووری توندوتیژی دژ بە ژنان بدرێت، لەپێناو چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانی و لێبووردەیی لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، هەروەها دەبێت زیاتر ڕێز لە ماف و ئازادی و تواناکانی ژنان بگیرێت بۆ ئەوەی ببن بەو وێنە ڕاستەقینەیەی کە لەناو کۆمەڵگەکەماندا بوونیان هەیە.

شکۆدار بێت هەشتی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/3/8