
ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە ئەم یادە پڕ لە کارەسات و دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، کە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ لە ( 1988/3/16)دا ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، پێنج هەزار ڕۆحی بێتاوانی بە بەرچاوی جیهان و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کردە قوربانی.
ئازاری هەڵەبجە ئازارێکی نەبڕاوە و زامێکی ساڕێژ نەبووە لە دڵی هەمووماندا، ئەم تاوانەش جگە لە پێناسەی جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزیی نەتەوەیەک کە نەتەوەی کوردی پێ دەگوترێ هیچ پێناسەیەکی تر هەڵناگرێ.
جێگەی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە کە دوای چەندین ساڵ لە ئازادکردنی عێراق لە ژێردەستەیی زوڵم و ستەمدا، هیچ پلان و هەنگاوێکی ڕاستەقینە و یاسایی لە ئارادا نیە دژ بەو کارەساتە مرۆڤایەتییەی شاری هەڵەبجە و ناساندنی وەکو تاوانێکی جینۆساید، کە پێویست بوو لەسەر حکوومەتی عێراق شاری هەڵەبجە بکات بە پارێزگایەکی نموونەیی لە ئاوەدانکردنەوە و بە جیهان و دونیای دیموکراسی بناسێنێ لە ئاست ئەو تاوانە تراژیدییەی کە بەرانبەری ئەنجامدراوە، هەروەها لە ئاست بەرپرسیارێتیدا قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە.
گرنگە لەم یادە پڕ شکۆیەدا گیانی برایەتی و یەکڕیزی و بیروباوەڕی نیشتمانپەروەری بکەین بە دەستپێکی ئاشتبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و تەواوکردنی ئەو ئامانجەی کە خوێنمان لەپێناویدا بەخشی، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ئەم شارە لە ڕووی بنیاتنانەوە وەکوو سیمای شارێکی پێشکەوتوو لە بواری شارستانێتی و خزمەتگوزارییەوە، بکەین بە هەوێنی ساڕێژبوونی ئازار و زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان.
سڵاو لە هەڵەبجەی سەر بڵند و خەڵکە بوێر و دڵ بە زامەکەی، سەری ڕێز و وەفاش دادەنەوێنم بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریخوازیی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/3/16